04/01/2026
ستێفان بەناخ کێیە و لە کوێ لەدایکبووە؟
ستێفان بەناخ (Stefan Banach)
بیرکاریزانێکی ناوداری پۆڵەندییە و بە یەکێک لە گرنگترین بیرکاریزانەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت. لە ساڵی ١٨٩٢ لە شاری کڕاکۆڤ (Kraków) لە وڵاتی پۆڵەندا لەدایکبووە. بەناخ ژیانێکی منداڵی ئاسانی نەبووە و لەلایەن خێزانێکی ترەوە پەروەردە کراوە،
بە باوکی زانستی "شیکردنەوەی کارایی"
(Functional Analysis) دەناسرێت.
چی تەواو کردووە؟
خاڵی سەرنجڕاکێش لە ژیانی بەناخدا ئەوەیە کە ئەو بە فەرمی بڕوانامەی زانکۆی لە بیرکاریدا تەواو نەکردبوو،بەڵکو لە زانکۆی تەکنەلۆژیی لڤیڤ
(The Lwów School) بەشی ئەندازیاری خوێندووە.
دۆزینەوەی بەناخ وەک زانا، چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی هەیە.
پرۆفیسۆر "هۆگۆ ستاینهاوس" ڕۆژێک لە باخچەیەکدا گوێی لە بەناخ دەبێت کە باسی تیۆری "Lebesgue measure" دەکات،
هەر لەوێوە درک بە زیرەکییە نائاساییەکەی دەکات.
ستاینهاوس دواتر وتی:
"گەورەترین دۆزینەوەی زانستی من، دۆزینەوەی ستێفان بەناخ بوو."
بەناخ بەهۆی ئەو زیرەکییەوە توانی بەبێ خوێندنی ئاسایی، تێزی دکتۆراکەی پێشکەش بکات و ببێتە پرۆفیسۆر.
بەناخ چەندین ئامراز و چەمکی نوێی پێشکەش بە جیهانی بیرکاری کرد کە تا ئەمڕۆش بەکاردێن:
*دۆزینەوەی فەزای بەناخ (Banach Spaces):
ئەمە گەورەترین دەستکەوتیەتی کە وایکرد بیرکاریزانان بتوانن لە کێشە ئاڵۆزەکانی فیزیا و ئەندازیاری تێبگەن.
* کتێبی سکۆتۆلاند (The Scottish Book):
ئەو کێشانەی شیکار نەدەکران، لە دەفتەرێکی تایبەتدا دەنووسرانەوە، کە هاندەرێکی گەورە بوو بۆ پەرەپێدانی بیرکردنەوەی بەکۆمەڵ لەنێوان زانایاندا و تا ئێستاش هەندێک لەو کێشانە وەک مەتەڵ ماونەتەوە.
*بەناخ بوو بە سەرکردەی کۆمەڵێک بیرکاریزان لە شاری لڤیڤ. ئەوان لە
"قاوەخانەی سکۆتۆلاند" (Scottish Café) کۆدەبوونەوە و کێشە بیرکارییەکانیان لەسەر مێزی مەڕمەڕی قاوەخانەکە شیکار دەکرد.
*تیۆرمە بنچینەییەکان: چەندین یاسای (Theorem) دانا کە وەک بنەمای سەرەکی بۆ شیکردنەوەی بیرکاری هاوچەرخ دادەنرێن.
*ژیانی بەناخ لە کۆتاییدا کەوتە بەر شاڵاوی جەنگی جیهانی دووەم. لە کاتی داگیرکاری نازییەکاندا، بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنێت، ناچار بوو
وەک "خۆراکپێدەری ئەسپێ" لە تاقیگەیەکی دروستکردنی ڤاکسین کار بکات. دوای کۆتایی هاتنی جەنگ و لە ڕێکەوتی ٣١ی ئابی ١٩٤٥،
ستێفان بەناخ لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان لە شاری لڤیڤ کۆچی دوایی کرد.