14/09/2020
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە 2020/9/14 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە رۆب واڵەر، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بارودۆخی عێراق تاوتوو کرا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی کرد کە کەشێکی ئەرێنی و دەرفەتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە سەر بنەمای دەستوور و جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنانەی هاتوونەتە ئاراوە، بە جۆرێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرچاو بگیرێت و لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.
سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی نەخوازراوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو رەفتارەی لە بەرامبەر دانیشتووانی کوردی ئەو دەڤەرانە دەکرێت. ھەروەھا ئاماژەی بە زیادبوونی جموجووڵی تیرۆریستان لەو دەڤەرانە دا و جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی ئەمنیی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە.
باڵیۆزی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی ئابووری و هاندانی وەبەرهێنانی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە دیدارەکەدا هەروەها گفتوگۆ دەربارەی میکانیزمەکانی ھەماھەنگیی زیاتر و ھاوکاریی ئەمریکا بۆ پێشخستنی دانوستانەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی و تەندروستیی ئێستا کرا.